بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەمشەو لە ناحیەی رزگاری بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە تەقەکراوە و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژراون.

بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، رووداوەکە سەعات 8:00ی ئەمشەو روویداوە و قوربانییەکان ناویان (زوهێر مستەفا بوزو) و (محەمەد یوسف مەلا فەرەخ)ە.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەردوو تۆمەتباری سەرەکییان بە ناوەکانی (ی. م. ع) و (ع. ی. م) دەستگیرکردووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لێکۆڵینەوەکانیش لە رووداوەکە بەردەوامن.