مەفرەزەکانی نووسینگەی چەمچەماڵی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە قاسەیەکی ماڵێکی بڕیبوو و بڕێکی زۆر پارەی تێدا بووە.

دوای ئەوەی هاوڵاتییەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ سکاڵای تۆمارکرد کە دز چۆتە سەر ماڵەکەی و قاسەی پارەکانیانی دزیوە، لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێ کرد. بەپێی سکاڵاکە، لە ناو قاسەکەدا بڕی 113 ملیۆن دیناری عیراقی و 300 دۆلاری ئەمریکی تێدا بووە.

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، تیمەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و بە سودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری و سەرچاوەکانی زانیاری، توانیان تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن. تۆمەتبارەکە ناوی (ع، ع، ع) و لەدایکبووی ساڵی 2004-ەو دانی بە تاوانەکەیدا ناوە. 

لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.