پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵتۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە هەڵیکوتا بووە سەر ماڵی پوری و دوای ئازاردان و ئەشکەنجەدانێکی زۆ رو بریندار کردنی، زێرەکانی دەدزێت و هەڵدێت.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، روداوەکە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ رویداوە و تۆمەتبارەکە دەمامکیی کردوە و هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ژنێکی بەساڵاچوو، کە بەتەنها ژیاوە.

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت؛ تۆمەتبارەکە ژنەکە دەبەستێتەوە و ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدات تا لەهۆش خۆی دەچێت، دواتر زێرەکانی دەدزێت و هەڵدێت.

ئەوەشیان خستوەتەڕوو، دوای ئەوەی بە بڕیاری دادوەر هێزەکانیان لێکۆڵینەوە و بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد، سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دەستگیربکرێت و دەستیشگیرا بەسەر زێرەکانیدا دزراوەکەدا.