ئاگادارییەک لە هاتوچۆی سلێمانییەوە بۆ شۆفێران
محەمەد رزگار
٢٤ی شوباتی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، چەند رێنماییەکی گرنگ ئاراستەی شۆفێران دەکات و داوا دەکات بۆ سەلامەتیی هەمووان، چەند رێنماییەک پەیڕەو بکەن.
هاتوچۆی سلێمانی داوا دەکات، لەم مانگەدا شۆفێران ئارامی زیاتریان هەبێت و گیانی هاوکاریین لەگەڵ شۆفێرانی تردا بەهێزتر بکەن، هەروەها هاوکاری پیادەڕەوەکان و بەتایبەت خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بکەن لەکاتی پەڕینەوەدا و مەترسییان بۆ دروست نەکەن.
داواشدەکات، بەبێ هۆکار و تەنها بۆ حاڵەتی پێویست نەبێت، ئامێری ووریاکردنەوە 'هۆڕن'بەکارنەهێنن و ئەگەر باری جەستەییان ناجێگیرە، رەچاوی رێنمایی پزیشک بکەن و ئاگاداری کاریگەرییەکانی رۆژوو بن لەسەر وردییان لەکاتی شۆفێریدا.
هاتوچۆی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، بەر لەکاتی رۆژوو شکاندن (بەربانگ) خۆیان بەدوور بگرن لە پەلەپەل کردن و تیژڕەوی لە شەقام و گۆڕەپانەکان و پابەندبن بە یاساو رێنمایی و ئاماژەکانی کارمەندانی هاتووچۆ و ترافیک لایتەکان.
هاتووچۆی سلێمانی جەخت دەکاتەوە: "گەیشتنێکی درەنگ، باشترە لە هەرگیز نەگەیشتن."



