قائیمقامی سلێمانی بەوەکالەت، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی جەخت دەکەنەوە کە کارەکانی لیژنە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی و خزمەتی شارەکەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە، فازل عومەر، قائیمقامی سلێمانی بەوەکالەت لە دیوانی قائیمقامیەت پێشوازی لە د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و هاوەڵەکانی کرد کە بەمەبەستی راگۆڕینەوە و لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی زیاتر سەردانەکەیانکرد بوو.

لەکۆبونەوەکەدا کە سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت و ژمارەیەک لە ئەندامانی باڵای لیژنە هاوبەشەکان ئامادەیبوون، قائیمقامی سلێمانی بەوەکالەت رایگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی گشتیدا، لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا لیژنە هاوبەشەکان سەردان و بەدواداچونەکانیان زیاتر کردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوشکرد، لە دوای مانگی رەمەزانیش بەهەمان شێوەی ئێستا لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەردەوام لەئەرک و خزمەتدا دەبن.