هێزەکانی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بە ئۆتۆمبێلەکەی هاووڵاتییەکی کردبوو بە ژێرەوە و هەوڵی هەڵاتنی دابوو، پۆلیس رایدەگەیەنێت شۆفێرەکە لەژێر کاریگەری مادە کحولییەکاندا بووە.

شەوی رابردوو 22ی شوباتی 2026، نزیکەی سەعات 01:00ی شەو، لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا کراون)ی بێ سەرەتا، لە هاوڵاتییەکی داوە لە کاتی پەڕینەوەیدا و دواتر شۆفێرەکە هەڵاتووە.

دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی فریاکەوتنی سلێمانی (104)، مەفرەزەکانی پۆلیس دەستبەجێ شوێن ئۆتۆمبێلەکە کەوتوون و توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا دەستگیری بکەن. پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە شۆفێرەکە لە کاتی روداوەکەدا لەژێر کاریگەری مادە سەرخۆشکەرەکاندا بووە.

تۆمەتبارەکە ناوی (ئ. ئ. م) و لەدایکبووی ساڵی 1984ە، لە ئێستادا رادەستی بنکەی پۆلیسی سەرچنار کراوە و بەپێی مادەی 23 لە یاسای هاتووچۆ راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە کاتی بینینی هەر حاڵەتێکی تاوانکاری یان روداوێکی نەخوازراو، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانیانەوە بکەن:

• پۆلیسی فریاکەوتن: 104
• نەهێشتنی تاوان: 105
• ئێشکگری پۆلیسی سلێمانی: 0533194011
• سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش: 100