ئەمڕۆ دوشەممە 23-2-2026، تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان و خاتوو رۆساماریا، سەرۆکی نوسینگەی هاوکاری ئابوری و بازرگانی گەشەپێدانی ئیتاڵیا لە بەغداد و وەفدێکی یاوەریان، سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالیان لە سلێمانی کرد.

وەفدە میوانەکە لە لایەن مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلالەوە بە گەرمی پێشوازیکران. دوای دانانی چەپکە گوڵی رێز و وەفا، تۆماسۆ سانسۆنی لە دەفتەری یادەوەرییەکاندا بە شکۆوە باسی لە پەیوەندی پتەو و مێژوویی نێوان سەرۆک مام جەلال و دەوڵەتی ئیتاڵیا کرد و وەک سەرکردەیەکی گەورەی گەلی کورد و یەکەم سەرۆک کۆماری نوێی عیراق وەسفی کرد.

لای خۆیانەوە، مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال سوپاسی وەفدی میوانیان کرد و جەختیان کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاڵپشت بەو سیاسەتە روون و سەرکەوتووانەی سەرۆک مام جەلال بونیاتی ناوە، لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت.