سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم: کێشە لە لیستی خانەنشینان دروستبووە و رەوانەکردنی لیستەکە بۆ بەغداد دواکەوتووە
راهۆز
٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئامادە نەکراوە بۆ ئەوەی رەوانەی بەغداد بکرێت، ئەوەش بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە لیستی خانەنشیناندا.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ بڕیار محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز ئاشکرایکرد، کێشەیەکی تەکنیکی لە لیستی خانەنشینانی هەرێم دروستبووە و لە ئێستادا تیمەکانی وەزارەت خەریکی چارەسەرکردنین. وتیشی: "چاوەڕێ دەکرێت لە کەمترین کاتدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی رێکارەکانی وردبینی کۆتاییان بێت."
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی کێشەکە بە تەواوی چارەسەر بکرێت و وردبینی کۆتایی لە لیستەکەدا بکرێت، پاشان راستەوخۆ لیستەکە رەوانەی بەغدا دەکرێت بە مەبەستی خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.



