بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ململانێکان، حکومەت جەخت لە رێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ دەکاتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکی رەسمیدا وەڵامی ئەو لایەنانەی دایەوە کە هەڕەشەیان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە و جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کردەوە.

وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و ئارامی بووە لە ناوچەکەدا. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەرێم لە هیچ کاتێکدا سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ سەر ئاسایشی هیچ وڵاتێکی دراوسێ.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ چەند لایەنێک راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هەڕەشەیان لە وڵاتێکی دراوسێ کردووە، وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی دەکاتەوە کە رێگە نادات هیچ لایەنێک خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنێت.