ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئامارە رەسمییەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردەوە، بەپێی داتاکان، هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا گۆڕانکاریی گەورەی کۆمەڵایەتی بەخۆوە بینیوە و پارێزگای سلێمانیش لە رووی پێکهێنانی خێزانەوە لە پلەی یەکەمدا دێت.

بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2025 دا 61 هەزار و 328 پڕۆسەی هاوسەرگیری لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، پارێزگای سلێمانی توانیویەتی زۆرترین رێژەی هاوسەرگیری تۆمار بکات و ببێتە پێشەنگی پارێزگاکان.

لەلایەکی تریشەوە، سەبارەت بە پرسی ژنھێنانی دووەم، تەنها 107 حاڵەتی رێپێدانی یاسایی تۆمارکراوە، کە تێیدا پارێزگای هەولێر بەرزترین رێژەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەی تێدا تۆمارکراوە.

هەر بەپێی داتاکانی ئەنجومەنی دادوەری، لە ماوەی ساڵی 2025 دا 15 هەزار و 826 حاڵەتی جیابوونەوە (تەڵاق) لە هەرێم تۆمارکراوە، لێرەدا پارێزگای هەولێر پێچەوانەی ئاماری هاوسەرگیری، بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە.

سەبارەت بە هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان، بەتایبەت لە پارێزگای هەولێر، سێ هۆکاری سەرەکی دەستنیشانکراون کە بریتین لە:

یەکەم، نەگونجان: بە پلەی یەکەم دێت و هەزار و 232 حاڵەتی جیابوونەوەی بەهۆوە بووە.

دووەم مۆبایل و تەکنەلۆژیا: وەک هۆکارێکی نوێ و کاریگەر، بووەتە هۆی هەزار و 66  حاڵەتی جیابوونەوە.

سێیەم خیانەت: بە پلەی سێیەم دێت و (918) حاڵەتی جیابوونەوە بەو هۆکارە تۆمارکراوە.

ئەم ئامارانە زەنگێکی مەترسیدارن بۆ ناوەندی کۆمەڵایەتی و پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە کاریگەریی خراپی سۆشیاڵ میدیا و گۆڕانکارییە خێراکان، هەڕەشە لە پتەویی خێزانی کوردی دەکەن.