لە ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، بڕیاری گۆڕینی ناحیەی جەلەولا بۆ قەزا بە رەسمی راگیرا. 

ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەنجومەنەکە بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی یاسایی و پابەندکەری دەرکردووە بۆ راگرتنی رێکارەکانی بەقەزاکردنی جەلەولا، ئەمەش بە پشتبەستن بە مادە دەستوورییەکانی (5، 115، 122 و بەتایبەتی مادەی 140)ی دەستووری ساڵی 2005.

بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، هەردوو ناحیەی جەلەولا و سەعدیە وەک خۆیان دەمێننەوە و دەگەڕێنرێنەوە سەر قەزای خانەقین.

 ئەوس مەهداوی، ئاماژەی بەوەش کرد، کە سوپاسی ئەنجومەن و پارێزگاری دیالە دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکەیان، هەروەها جەختی کردەوە کە نووسراوی رەسمیان ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عیراق دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی بڕیاری بەقەزاکردنی جەلەولا، بە مەبەستی پاراستنی پێگەی ئیداری و دەستووریی ناوچەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە راگەیەندراوێکدا بە رەسمی گۆڕینی یەکەی کارگێڕیی جەلەولای لە ناحیەوە بۆ "قەزا" راگەیاند و وەزارەتی پلاندانانی عیراقیش، رەزامەندیی لەسەر بە قەزاکردنی ناحیەی جەلەولا دابوو.