بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێن دەدەین کار بۆ بەهێزترکردنی زمانی کوردی
سام
٢١ی شوباتی ٢٠٢٦
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، " بە شانازییەوە زمانی شیرینی کوردی، زمانی ئێمەیە و هێمای شوناسی نەتەوەییمانە، ئەرکمانە پارێزگاری لەم سامانە بەنرخە بکەین".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو رۆڵە دڵسۆزانەی نیشتمانەکەمان دەکەم کە خەباتیان بۆ بەرزڕاگرتنی زمانەکەمان کردووە.
بە شانازییەوە زمانی شیرینی کوردی، زمانی ئێمەیە و هێمای شوناسی نەتەوەییمانە، ئەرکمانە پارێزگاری لەم سامانە بەنرخە بکەین کە پێشینانمان بۆیان جێهێشتووین.
لەم رۆژەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو تاک و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەیە و بەڵێن دەدەین کار بۆ بەهێزترکردنی زمانی کوردی لە تەواوی بوارەکاندا بکەین.



