کۆمپانیای نەوتی باکور ئاشکرایکرد، دوای دروستبوونی گرفتێکی تەکنیکی لە سیستمی پێوەرەکان، ئاگر لە وێستگەی پەستانی غازی باجوان لە کەرکوک کەوتەوە و دواتر لەلایەن تیمەکانەوە کۆنتڕۆڵکرا.

کۆمپانیای نەوتی باکور لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سەعات 3:20ـی  بەیانی بەهۆی گرفتێکی تەکنیکی لە سیستمی پێوەرەکان، لێچوونی غاز لە وێستگەی باجوان رویداوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە پەنای وێستگەکەدا.

ئەوەشی خستەڕوو، تیمەکانیان بەپێی پلانی فریاگوزاری توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و رەوشەکە ئاسایی بکەنەوە، راشیگەیاند، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئێستا کار بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکان دەکرێت تا بگەڕێنەوە سەر کارەکانی تر.

کۆمپانیاکە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە هەموو دامەزراوەکان بە سەلامەتی کار دەکەن و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی کارمەندان لە شوێنی روداوەکە گیراوەتەبەر.