پەروین بوڵدان نوێترین زانیاری لەسەر رەوشی عەبدوڵا ئۆجەلان و پڕۆسەی چارەسەری ئاشکرا دەکات
بڵند
٢٠ی شوباتی ٢٠٢٦
پەروین بوڵدان، ئەندامی وەفدی ئیمرالی لە پارتی دەم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا) وردەکاریی نوێی دەربارەی دیداری وەفدەکەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، کە لە 16ی شوبات ئەنجام درابوو خستەڕوو.
بوڵدان ئاماژەی بەوە کردوە، کە باری تەندروستی و ورەی ئۆجەلان زۆر بەرز بووە و بە تەواوی ئامادە و هاندەر بووە بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری.
سەبارەت بەرەوشی زیندانی ئیمرالیش، بوڵدان رایگەیاند، کە هێشتا هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە رەوشی مانەوەی ئۆجەلاندا نەکراوە و تەنیا شاندەکەی ئەوان مانگی جارێک سەردانی دەکەن، جگە لە هەندێک دیداری دەگمەنی خێزان و پارێزەرەکانی.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بوڵدان باسی لەوە کرد، کە عەبدوڵا ئۆجەلان پڕۆسەی چارەسەری بە دوو قۆناغ دەبینێت؛ قۆناغی یەکەم کە کۆتاییهاتنی شەڕ و دانانی چەک بوو تەواو بووە، ئێستا کاتی قۆناغی دووەمە کە بریتییە لە تێکەڵبوونەوەی دیموکراتیانە
ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە تێکەڵبوونەوەی دیموکراتیانە دەبێت لەسەر بنەمای گەرەنتی کردنی مافە یاساییەکانی گەلی کورد بێت، بەتایبەت پاراستنی زمان، ناسنامە و کولتووری کوردی.
بوڵدان دەڵێت؛ بە بڕوای ئۆجەلان، پێویستە یاساکان بە جۆرێک هەموار بکرێنەوە کە مافە رەواکانی کورد وەک نەتەوەیەکی هاوبەش بپارێزرێت.
لە کۆتاییدا، پەروین بوڵدان تیشکی خستە سەر پرسی یەکێتیی نەتەوەیی و ئاماژەی بەوە کرد کە بەرگریی کوردان بەرانبەر هێرشەکانی سەر رۆژئاوا، رۆحی یەکێتیی نەتەوەیی لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا بەهێزتر کردووە و عەبدوڵا ئۆجەلانیش یەکێتیی نەتەوەیی بە بابەتێکی "نەبڕاوە و بنەڕەتی" دەبینێت کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر مێزی دانوستاندنەکان دەبێت.



