بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، لێخوڕی ماتۆڕسکیلێک کە لە روداوێکی پێکداداندا بە سەختی بریندار ببوو، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

بەپێی راگەیەندراوی هاتووچۆی گەرمیان، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لەسەر رێگای کەلار-رزگاری و لە بەرانبەر قوتابخانەی شێخ حسێنی هەزارکانی، روداوێکی پێکدادان لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری "باجیرۆ" و ماتۆڕسکیلێکی سێ تایەدا رویداوە. لە ئەنجامی روداوەکەدا لێخوڕی ماتۆڕسکیلەکە کە لەدایکبووی ساڵی 1978 بووە، بە سەختی بریندار بووە.

هەرچەندە بریندارەکە سەرەتا گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی سلێمانی کراوە، بەڵام لەوێ گیانی لەدەستداوە. لە ئێستاشدا تیمەکانی هاتووچۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکار و چۆنیەتی روداوەکە دەکەن.