نوێنەری قوباد تاڵەبانی سەردانی خانەوادەی نازم کەرکوکی دەکات
١٨ی شوباتی ٢٠٢٦
لەدرێژەی کار و چالاکی و بەسەرکردنەوەی تێکۆشەرە دێرینەکان لە دەرەوەی وڵات، ئارام قزلەری نوێنەری تایبەتی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی، لە وڵاتی سوید بەیاوەری هەڤاڵان رێبوار سەلام لێپرسراوی کۆمیتەی پێشمەرگە دێرینەکانی سوید و ئاری شێخ نوری تێکۆشەر و رێکخستنی دێرین و محەمەد جیهاد تێکۆشەری دێرین ئەندامی دەستەی پێشمەرگە دێرینەکان، سەردانی خانەوادەی خوالێخۆش بوو، نازم کەرکوکی، فەرماندە و قارەمانی گەلەکەمانیان کرد.
فەرماندەی هەمیشە زیندو نازم کەرکوکی لە ١٠/٩/١٩٦١ لە شۆریجە لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. زوڵم و ستەمی بەعس و هەستی نیشتیمان پەروەری هەر زوو کاری تێکرد و لە ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کرد و ژیانی گیان فیدای و پێشمەرگایەتی دەست پێ کرد . لە مانگی ٢ی ساڵی ١٩٨٢ لە شانەکانی ڕێکخستنی گەرمیاندا دامەزراوە و له حەملەكانى هێزی پشتيوان و شەڕی قەیوان - ماوەت و شەڕی بێتواتە و داستانى ڕزگاری و دابان هەلاج و گەرمیان و شەڕەکانی ئەنفالی سەرکردایەتی بەشداری کردوە . لە شەڕەکانی خێڵی حەمە و شنروێ و حەمرینیشدا لە سنورەکانی پێشەوە جەنگاوە.
لە ساڵی ١٩٨٣ لە قۆڵی قەبری حسێن و بە سەرپەرشتی کاک سامان گەرمیانی چوون بە هانای هێزەکانی شۆڕشی کوردستانی ئێرانەوە ، فەرماندە نازم کەرکوکی لە تەمەنی پێشمەرگایەتیدا ٧ جار بە سەختی بریندار بوە .
لە دوای ئەنفالی بەدناو ١٨ مانگ بە بەردەوامی پارتیزان بووە لە پێ دەشتەکانی گەرمیان لەگەڵ شێخ کەریم چاو ڕەش و شەهید حەمە ڕەش و کاک عەدنانی حەمەی مینا و کاک شێخ حیسام و باقی برا پارتیزانەکانی ماوەتەوە . لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ دەوری بەرچاوی هەبووە و لە ساڵی ١٩٩٣ بووە بە مدیر شوڕتەی پێنجوێن . دوای ڕاپەڕین دەچێتە کولیەی عەسکەری لە قەڵاچوالان لە قیادەی مەنتیقەی کەرکوک و لیوای کەرکوک فەرماندەی فەوج دەبێت پاشان دەبێتە سەرلەشکر لە گەرمیان .
یەکەمین فەرماندەی لیوای گەرمەسێری مەفرەزە سەرەتاییەکان شۆڕشی نوێ بووە و دواتر پلەی بەرز بۆتەوە بۆ ئامر لیوای گەرمیان و ناوچە دابڕاوەکان . هەر لەبەر دەست پاکی و جوامێری و قارەمانێتی سەرۆک مام جەلالی هەمیشە زیندو خەڵاتی کردوە .
هەرچەندە فەرماندەی لێهاتوو لە ساڵی ٢٠٠٨ توشی نەخۆشی دەبێت بەڵام بەردەوام دەبێت لە ئەرک و کارەکانی بە بێ دابڕان تا کۆتای ساڵی ٢٠١٢ کە بە هۆی سەختی نەخۆشییەکەی دەچێتە غەریبی و لە ووڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت ، فەرماندەی هەمیشە زیندو نازم کەرکوکی تا کۆتا مانگی ژیانی بێ دابڕان بەژداری کۆڕ و کۆبونەوەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی کردوە .
بێدەنگی و ئەمەک بەرزی و ئاکاری جوانی وای کرد نازناوی پارتیزانە بێدەنگەکەی لێ بنرێت و کۆڕی ڕێز لێنانی بۆ بکرێت لە ساڵی ٢٠١٤ لە سلێمانی بە ئامادە بوونی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و لە لایەن خوشکی گەورەو تێکۆشەرەوە هێرۆ خان ، خانمی یەکەمی عێراقەوە مەدالیای ئاڵتونی کرایە ملی .
ئەم قارەمانە مەزنە لە ٢٢/٨/٢٠١٧ لە نەخۆشخانەی ئۆپسالای سوید زۆر بەداخەوە بۆ هەتا هەتایە چاوی ماندوی لێک ناو خەمێکی زۆری خستە دڵی هەموانەوە ، پارتیزانە بێدەنگەکە دوای کۆچ کردنی لەسەر وەسیەتی خۆی ئەندامەکانی جەستەی بەخشی و چاوەکانی ڕووناکیان دا بە ژیانی کەسێکیتر .
هەر لەسەر داوای خۆی وەسێتی کردبو لەبەر خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان تەرمەکەی لە زێدی باو و باپیرانی لە قادرکەرەم بنێژرێت .



