دەزگای ئاسایشی هەرێم هەڵوەشاندنەوەی گروپێکی مەترسیداری داعشی لە هەرێم راگەیاند
راهۆز
١٧ی شوباتی ٢٠٢٦
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، گروپێکی چەکداری مەترسیداری داعشیان بەناوی (کەتیبەی پێنجی سەلمانی فارسی) سەر بە ویلایەتی کوردستان هەڵوەشاندووەتەوە و دەستیشیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش ئاماژەی بەوە کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق و لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، لە ماوەی نێوان 8ـی کانوونی یەکەمی 2025 تا 9ـی شوباتی 2026، زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنیان لە سنووری (هەڵەبجە، سەیدسادق، پێنجوێن، گەرمیان و دیالە) ئەنجام داوە. گروپەکە پلانیان هەبووە بۆ خۆڕێکخستنەوە، دروستکردنی مۆڵگەی نهێنی و گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە وڵاتانی دراوسێوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان و خوارووی عیراق.
لە ئەنجامی ئەو ئۆپراسیۆنانەدا، 10 تیرۆریست دەستگیر کراون و دەست بەسەر هەشت چەک، دەمانچەیەک، دوو بۆمبی دەستی، ماددەی تەقینەوەی سیفۆر و پشتێنی خۆکوژیدا گیراوە. دەزگای ئاسایش ئاشکراشی کرد کە لە کاتی چالاکییەکاندا کارمەندێکی دەزگاکەیان بریندار بووە. لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەپێی ماددەی 4ـی تیرۆر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.



