قوباد تاڵەبانی دەڵێت: یەکێتی و یەکێتییەکان لەوە تێگەیشتوون بۆ ئەوەی بەهێزتربین دەبێت هەموو کات ئامادەبین بۆ گۆڕانکاری.

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لە رێوڕەسمێکدا لە مەڵبەندی ٣ی یەکێتی، لە هەولێرەوە دەستپێکی گۆڕانکارییان لە رێکخستنەکان راگەیاند.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتی و یەکێتییەکان لەوە تێگەیشتوون بۆ ئەوەی بەهێزتربین دەبێت هەموو کات ئامادەبین بۆ گۆڕانکاری، بە تایبەتیش گۆڕانکاری لە رێکخستنەکان و شێوازی کاری رێکخراوەیی. بەڵام گۆڕانکاری لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان هەرگیز بەو مانایە نییە کە هەڤاڵێکمان شیاوی ئەو ئەرکە نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە وزە و گوڕوتینێکی نوێ بدەینەوە بە رێکخستنەکانمان.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر سوپاسی برا و هەڤاڵی خۆشەویست دکتۆر مەجید حەمەدەمین دەکەین کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەوپەڕی شایستەیی و دڵسۆزییەوە ئەرکی خۆی وەک لێپرسراویی مەڵبەندی 3 جێبەجێ کرد، بە تایبەتیش هەرگیز دڵسۆزی و ماندووبوونی لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا لەبیرناکەین. یەکێتی هەمیشە پێویستی بە زانایی و خەمخۆریی دکتۆر مەجید هەیە و بەپێی ئەو توانا و شایستەیی هەیەتی و بۆ هەموو لایەک سەلمێندراوە ئەرک و بەرپرسیارێتی نوێ و قورستری پێ دەسپێردرێت.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە رێباز بێرکۆتی وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی 3 دەکەین. بەپێی رابردووە درەوشاوەکەی و ئەزموون و تواناکانی دڵنیاین لە ئاستی چاوەڕوانی جەماوەر و هەڤاڵانی یەکێتیدا دەبێت لە سنووری پارێزگای هەولێر و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.