مەزڵوم عەبدی دەڵێت: بۆ تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان رێککەوتوون و پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان لە رێککەوتنەکەدا جێگیرکراوە.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات'هەسەدە' رایگەیاند، لە رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمدا، جەخت کراوەتەوە لەسەر پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان و گوند و ناوچەکانی پێکهاتەی سریانی و ئاشوری وتیشی: "مەبەستمان لە تایبەتمەندی ئەوەیە کە خەڵکی ناوچەکە خۆیان بەڕێوەبەریی ناوچەکانیان بکەن."

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانیان لە چوارچێوەی لیواکانی وەزارەتی بەرگریی سوریا تێکەڵدەکرێن، بە مەرجی پاراستنی مافی هەموو ئەو شەڕڤانانەی کە قوربانییان داوە، هەروەها هێزە ئەمنییەکانیش (ئاسایش) دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سوریا و پلە و پۆستەکانیان دەپارێزرێت.

مەزڵوم عەبدی ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و هەواڵگریی سوریا کۆبوونەتەوە و دوو لیژنەی باڵا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی پێکهێنراون بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی یەکخستنەکە.

ئاشکراشیکرد، هێشتا چەند گرفتێک لە بابەتی دیاریکردنی پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا لە دیمەشق ماوە، بەڵام کار دەکەن بۆ ئەوەی بە رەسمی رێککەوتنەکە رابگەیەنن.

فەرماندەی هەسەدە دەشڵێت؛ نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی وتاری توندڕەوی و رق و کینە لە حەلەب و جەزیرە، جەختی کردەوە کە پێکەوەژیان بنەمای سەرەکیی ناوچەکەیە و رێگەی نادەن تێکبچێت.