ئەمڕۆ وەفدێكی باڵی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەم پارتی)، بە سەرۆكایەتی ئیبرۆ گیونای، لێپرسراوی پەیوەندییە گشتییەكانی دەمپارتی سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكان/ پەیوەندییە كوردستانییەكانی (ی.ن.ك) یان كردوو لە لایەن سالار سەرحەد خەلیفەیونس، لێپرسراوی پەیوەندییە كوردستانییەكان پێشوازیان لێكرا.

لە كۆبوونەوەكە هەنگاوەكان بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری لە رۆژئاوای كوردستان و پرسی پرۆسەی ئاشتی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، ئیبرۆ گیونای، لێپرسراوی پەیوەندییە گشتییەكانی دەمپارتی گوتی: فشار و پشتیوانییەكانی گەلی كورد لە باكوور و باشوور و رۆژهەڵات، بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای كوردستان، كاریگەر گەورەیان لەسەر رای گشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبووە، هاوكات رۆڵی (سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی)، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان بەرزنرخان لە پشتیوانی بۆ لە گەلی كورد و هەڤاڵەكانی لە رۆژئاوای كوردستان و رایگەیاند، لە گەمارۆكانی سەر گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان سەرۆك بافڵ خۆی كردە خاوەنی دۆزی كورد لە رۆژئاوا و یەكێتی نەتەوەی گەلی كورد، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد رۆڵی سەرۆك مام جەلال و یەكێتی لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان بە نادیدە ناگیرێت و مێژوو ئەو رۆڵە بە درەوشاوەی دەهێڵێتەوە.

هاوكات سالار سەرحەد، لێپرسراوی پەیوەندییە كوردستانییەكانی (ی.ن.ك) رایگەیاند یەكێتی پشتیوانییەكانی بۆ گەلی كوردمان لە رۆژئاوا بە ئەركێكی نەتەوەیی خۆی زانیوە، پێشوازیش لە رێكەوتنی ئیدارەی خۆسەری حكومەتی دیمەشق دەكات و هیوا دەخوازێت رێككەوتنەكانی نێوانیان بە تەواوی جێبەجێ بكرێت و ئاشتی و ئارامی لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكەش بەرقەرار بێت، بە ئاراستەی هەنگاوی چارەسەی و  پاڵپشتی دۆسێیەی گەلی كورد لە سوریایەكی نوێدا، گوتیشی سەرۆك بافڵ لە سەرەتایی پەلامارەكانی حكومەتی دیمەشق بۆسەر ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری داوا لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە بەبێ دوودڵی و بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بكەن بۆ پاراستنی خەڵكی مەدەنی و بەرقەراركردنی سەقامگیری لەناوچەكە.