پۆلیسی سلێمانی: بەتۆمەتی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییەک و دزینی ئوتۆمبێلەکەی دوو تۆمەتبار دەستگیرکران
محەمەد رزگار
١٦ی شوباتی ٢٠٢٦
بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییەک دوو تۆمەتبار دەستگیرکران، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت؛ دوای هێرشکردنەکە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکەیان دزی بوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دزینی ئۆتۆمبێلی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە هاوکاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد و بنکەی پۆلیسی سورداش، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە هێرشیانکردبووە سەر هاووڵاتییەک و ئوتۆمبێلەکەیان دزی بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە رۆژی 10ـی2ـی2026 هاووڵاتییەک لە شاری هەولێر دێت بۆ شاری سلێمانی بە مەبەستی گەشتکردن، بەهۆی نەشارەزا بوونیەوە پرسیاری دۆزینەوەی شوێنێک لە دوو کەس دەکات، دواتر کەسەکان دەچنە ئۆتۆمبێلەکەی و وانیشان دەدەن کە هاوکاری دەکەن، بەڵام شۆفێرەکە دەبەنە شوێنێکی چۆڵ و هێرش دەکەنە سەری و پاشان ئوتۆمبێلەکەی دەدزن.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، دەستبەجێ نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دزینی ئۆتۆمبێلی سەر بە بەشی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن و لە ئەنجامدا بە هاوکاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد و بنکەی پۆلیسی سورداش، توانرا لەماوەی کەمتر لە نۆ سەعاتدا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن بە ناوەکانی (ش.ب.ل) لەدایکبووی (2004) و (م.د.ا) لەدایکبووی (2004). هەروەها دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکەشدا.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی مادەی (446 لە یاسای سزادان) راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، دوای تەواوبوونی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە ئۆتۆمبێلەکە رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە.



