پۆلیسی سلێمانی: ئەو کچەمان رزگارکرد کە باوکی لەناو زبڵدا فڕێی دابوو
راهۆز
١٦ی شوباتی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان ڕزگار کردووە کە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە شوێنێکی نەشیاو و دوور لە بەها مرۆییەکان لەلایەن باوکییەوە زیندانی کرابوو، هاوکات باوکی کچەکەش دەستگیر کرا.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، دوای گەیشتنی زانیاری، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق چوونەتە شوێنەکە و کچێکی تەمەن 26 ساڵیان لە هەورەبانی ماڵی باوکیدا دۆزیوەتەوە، کە بە وتەی کچەکە ماوەی ساڵێکە لە شوێنێکی پیس و پۆخڵدا بێ بونی هیچ ئامێرێکی خۆگەرمکردنەوە ژیانی بەسەر بردووە. دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، باوکی کچەکە کە ناوی (س، غ، ئە) و لەدایکبووی ساڵی 1977ـە، دەستگیر کرا.
لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی مادەی 7 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە. کچەکەش بە بڕیاری دادوەر و بە بەڵێننامەی یاسایی، دراوەتە دەست یەکێک لە خزمەکانی تا کاتی یەکلاییبونەوەی دۆسیەکە. پۆلیس داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی بینینی هەر حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا، پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن.



