کۆبانێ 27 رۆژە لەژێر گەمارۆدایە؛ کەرتی تەندروستی بەرەو داڕمان دەچێت و منداڵێک تر گیانی لەدەستدا
بڵند
١٥ی شوباتی ٢٠٢٦
سەرەڕای رێکەوتنی ئەمنی نێوان ئیدارەی خۆسەر و دیمەشق ئەمڕۆ گەمارۆکانی سەر شاری کۆبانێ دەبێتە 27 رۆژ، تەندروستی شارەکەش هۆشداری توند دەدات لە تێکچوونی باری مرۆیی و تەندروستی شارەکە بەهۆی ئەو گەمارۆیەی کە نزیکەی مانگێکە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە بەسەریدا سەپێنراوە.
روانەی سوری بڵاویکردوەتەوە، منداڵێکی تر بەهۆی گەمارۆکانی سەر کۆبانێ گیانی لەدەستداوە و بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی ، شارەکە رووبەڕووی کەمییەکی توندی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بووەتەوە، بەتایبەت دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە، پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ، لەگەڵ نەمانسی دەرمانی چارەسەری "لیشمانیا و هەوکردنی جگەر".
هاوکات بەهۆی بەکارهێنانی ئاوی چاڵەکان بەبێ پاڵاوتن، پەتای کۆئەندامی هەرس بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی سکچوون و رشانەوە تۆمارکراون.
لەلایەکی تریشەوە، رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆچی دوایی منداڵێکی 12 ساڵانی بەناوی |(دڵدار رێزان حەسۆ) راگەیاند، کە بەهۆی نەخۆشی "کەمیی بەرگری" و رێگری لێکردنی لە گەیشتن بە نەخۆشخانەکانی حەلەب بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، گیانی لەدەستدا.
خێزانەکەی ئاماژەیان بەوە کردووە کە چەندین جار هەوڵیان داوە بیبەنە دەرەوەی شارەکە، بەڵام داخستنی رێگاکان و گەمارۆکە رێگر بووە لە رزگارکردنی ژیانی، ئەمەش وەک نموونەیەکی تراژیدی بۆ ئاسەوارە کوشندەکانی گەمارۆکە لەسەر خەڵکی مەدەنی و هەزاران ئاوارەی ناو شارەکە دەبینرێت و لە رابردوشاد ژمارەیەکی تری منداڵ بەهەمان هۆکار گیانیان لەدەستداوە.



