کارەبای سلێمانی: 93٪ـی هاوبەشان بڕی پارەی کارەبایان لەخوار 100 هەزار دینارەوەیە
محەمەد رزگار
١٣ی شوباتی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ئاماری خەرجی وزەی هاوبەشانی بۆ مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد؛ زۆربەی هاووڵاتیان بڕی پارەی کارەبایان بە رێژەیەکی گونجاو بۆ گەڕاوەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی لە کۆی 362 هەزار و 745 هاوبەش، 93٪یان بڕی پارەی کارەباکەیان بۆ مانگی یەک، لە نێوان هەزار دینار بۆ 100 هەزار دیناردا بووە.
کارەبای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاوبەشانەی بڕی پارەی کارەباکەیان لە سەروو ملیۆن دینار و تا ئاستی ملیار دینارە، "ماڵان نین"، بەڵکو کارگە گەورەکانی ئاسن و چیمەنتۆ و پڕۆژە پیشەسازییەکان و مۆڵە گەورەکانن.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاووڵاتیانی سنوری (ناوشاری سلێمانی، چوارتا، ماوەت، قەرەداغ و عەربەت) دەکات، بۆ هەر تێبینی و پرسارێک، سبەینێ شەممە 14ـی شوبات، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژهەڵات لە گەڕەکی قاڵاوا بکەن.
هەروەها جەخت لە گرنگی خۆتۆمارکردن لە سیستمی (KYC) کراوەتەوە، تا هاوبەشان بتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە بەردەوام ئاگاداری بڕی پارەی بەکارهاتووی کارەباکەیان بن.



