دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی بکوژێکی راگەیاند، کە دوێنێ لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون ژنێکی کوشتبوو.

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی دوێنێ 12ـی2ـی2026 لەیەکێک لە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی شاری سلێمانی، ژنێک بەچوار فیشەک دەکوژرێت، لەسەر ئەم روداوە دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونی دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری بکوژ.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت تۆمەتبار بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە تاوانەکەی ئەنجامداوە و هەوڵیداوە لەڕێگەی برایەک و زاوایەکی هەڵبێت بۆ دەرەوەی هەرێم، دوای چاودێری وورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبار بەیانی ئەمڕۆ تۆمەتباری بکوژ و دوو هاوکارەکەی دەستگیرکران.

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا تۆمەتباری بکوژ بەمادەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی یاگیراوە و هەروەها هەردوو تۆمەتباری هاوکاری پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.