سبەینێ پەرلەمانی پورتوگال رەوشی کوردانی سوریا تاوتوێ دەکات
بڵند
١٢ی شوباتی ٢٠٢٦
بڕیارە سبەینێ هەینی، پەرلەمانی پورتوگال لە دانیشتنێکی گشتیدا پرسی پاراستنی کوردانی سوریا و ئەو پێشێلکارییە جیدیانە تاوتوێ بکات، کە روبەڕووی دانیشتووانی ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر (رۆژئاوا) دەبنەوە، داواش دەکرێت حکومەتی پرتوگال رۆڵی هەبێت لە دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ رۆژئاوای کوردستان.
لە دەقی پێشنیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە هێرشی گروپە توندڕەوەکان و هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتی، کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی مەدەنی، ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی.
پەرلەمانتاران جەخت دەکەنەوە، کە دەبێت هەر هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا، مەرجدار بێت بە پاراستنی مافی کورد و کەمینەکان و دانپێدانان بە بەڕێوەبەریی خۆسەر لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا.
ئەم هەنگاوە دوای هۆشدارییە بەردەوامەکان دێت سەبارەت بە تێکچوونی باری مرۆیی و ئەمنی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
لە کۆتاییدا، پێشنیارەکە داوا لە حکومەتی پورتوگال دەکات وەک ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان، فشار دروست بکات بۆ پێکهێنانی "نێردەیەکی چاودێری نێودەوڵەتی" بە مەبەستی دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ
هەروەها داوا کراوە پورتوگال رۆڵی هەبێت لە دابینکردنی هاوکاری مرۆیی و پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕ و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.



