عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند رونکردنەوەیەکی لەبارەی سیستەمی کارەبای 24 سەعاتی و هۆکاری بەرزیی بڕی پارەی پسوولەکانی ئەم دواییە بڵاوکردەوە.

عەزیز ئەحمەد رایگەیاند، پسوولەی ئەم مانگەی هاووڵاتییان کرێی 46 رۆژی رابردووی تێدایە، ئەوەش بەهۆی فراوانبوونی سیستەمەکە و کاتی چاپکردنی پسوولەکان بووە. جەختی کردەوە کە ئەم زیادەیەی رۆژانە (16 رۆژەکە) نابێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان بچنە ناو "تاریفەی گرانتر" و وتی: "400 کیلۆواتی یەکەم بۆ 30 رۆژ هەژمار دەکرێت و رۆژە زیادەکانیش بە هەمان نرخی هەرزان هەژمار دەکرێن." ئاماژەی بەوەش کرد کە بەو هۆیەوە مانگی داهاتوو تەنیا پسوولەی 14 رۆژیان بۆ دەچێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی نرخی کارەبا نەکراوە، چونکە وەزارەتی کارەبا دەسەڵاتی گۆڕینی نرخی نییە و ئەوە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەبێت. هۆکاری زیادبوونی پارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لە مانگی رابردوودا بەهۆی وەرزی زستانەوە، زۆرینەی هاووڵاتییان بە رێژەی 50% زیاتر کارەبایان بەکار هێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی خوێندنەوەی پسوولەکە لە 30 رۆژەوە بووەتە 46 رۆژ.

لەبارەی ئاسانکارییەکان بۆ هاووڵاتییان، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەت وتی: "حکومەت لە بابەتی داشکاندن کەمتەرخەم نەبووە؛ داشکاندنی 20% بۆ پسوولەی داهاتوو ئەو هاوبەشانە دەگرێتەوە کە لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵییەوە (ئی-پسوولە) لە ماوەی 30 رۆژی داهاتوودا کرێی کارەبا بدەن."

سەبارەت بە قەرزەکانی پێش پڕۆژەی رووناکیش، رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە رەچاوی بارودۆخی هاووڵاتییان و موچەخۆران دەکرێت و بە شێوەیەکی درێژخایەن ئەو قەرزانە وەردەگیرێنەوە.