وتەبێژی یەکێتیی: کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەرێنی بووە و دەنگۆی رێککەوتن لەسەر پۆستەکان رەتدەکەینەوە
راهۆز
١١ی شوباتی ٢٠٢٦
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، راگەیەندراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەی باڵای نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی بڵاوکردەوە و تێیدا ناوەڕۆکی دیدارەکە و هەڵوێستی رەسمیی حزبەکەی روون کردەوە.
وتەبێژی یەکێتیی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-2-2026، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لە نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەشێکی زۆر ئارامدا بەڕێوەچووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسە هەنووکەییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە کراوە و هەردوولا گۆڕانکارییە سیاسییەکانیان تاوتوێ کردووە.
سەبارەت بەو هەواڵانەی لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا دەربارەی رێککەوتنی هەردوولا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بڵاودەکرێنەوە، کاروان گەزنەیی رایگەیاند: "ئێمە بە رەسمی و سەرلەبەری ئەم دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە."
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی کردەوە، هەر رێککەوتنێک لە نێوان هەردوولادا ئەنجامبدرێت، بە شێوەیەکی رەسمی بۆ رایگشتی بڵاودەکرێتەوە تاوەکو هاووڵاتییان لە راستیی بڕیارەکان ئاگادار بن.



