دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە مادەی هۆشبەردا بگرن کە ئامادە کرابوو بۆ ئەوەی رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادەی هۆشبەرەکان بڵاویکردەوە، لە مانگی 1ی ساڵی 2026دا و لە ئەنجامی 3 چالاکیی جیاوازدا، 3 تۆمەتبار دەستگیر کراون. تۆمەتبارەکان بازرگانی ناوخۆیی و بیانی بوون و خەریکی مامەڵەکردن بوون بە مادە هۆشبەرەکانەوە.

لەو ئۆپەراسیۆنانەدا، هێزەکانی ئاسایش توانییان دەست بەسەر بڕی 24 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و 11 کیلۆگرام لە جۆری حەشیشدا بگرن.

بەپێی راگەیەندراوەکەی ئاسایش، تۆمەتباران پلانیان هەبووە ئەو مادە هۆشبەرانە لە رێگەی خزمەتگوزاریی "پۆست"ـەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا بنێرن و لەوێ ساغی بکەنەوە.

لە ئێستادا هەر 3 تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 25 لە یاسای مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون. لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە تاوەکو تەواوی رێکارە رەسمییەکان بەرامبەریان جێبەجێ بکرێت.

دەزگای ئاسایشی هەرێم جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و پاراستنی سەلامەتیی کۆمەڵگە.