رێگەی قەرەسرد - دوکان بە شێوەیەکی کاتی بەڕووی هاتوچۆدا دادەخرێت
راهۆز
١١ی شوباتی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی رانیە ئاگادارییەکی ئاڕاستەی شۆفێران و هاووڵاتییان کرد و رایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران و شۆفێران، رێگەی (قەرەسرد - دوکان) بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە رۆژی پێنجشەممە، 12-2-2026ـەوە، رێگەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەڕووی هاتوچۆدا دادەخرێت تاوەکو کارەکان تەواو دەبن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانیان هەڵمەتێکی فراوان بۆ پاککردنەوەی رێگەکە لەو پارچە بەرد و پاشماوەی شاخانەی بەهۆی باران و بەفرەوە هەرەسیان هێناوە، ئەنجام دەدەن. هەروەها کار دەکەن بۆ لادانی ئەو بەشانەی شاخ کە مەترسیی داڕمانیان لێ دەکرێت، تاوەکو رێگری لە هەر روداوێکی نەخوازراو بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی رانیە داوا لە شۆفێران دەکات بۆ کاری پێویست رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنن و هاوکاری تیمەکانیان بن تاوەکو کارەکانی پاککردنەوەی رێگەکە بە سەرکەوتوویی کۆتاییان دێت.



