ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە؛ سێ تەوەر تاوتوێ دەکەن
بڵند
١١ی شوباتی ٢٠٢٦
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات، بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردوەتەوە، ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و لە کۆبونەوەکەدا سێ تەوەر تاوتوێدەکرێن، تەوەری یەکەم بریتییە؛ لە بابەتی سەرژمێریی دانیشتووانی عیراق، کە لە رۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 ئەنجام درا و بەگوێرەی راگەیاندراوی فەرمیی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بەرەسمی بە رێژەی 14.1% دەستنیشان کرا.
لە کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران، بەدواداچون بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدراڵی بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
تەوەرى دووەمیش پەیوەستە بە پەسەندکردنی کۆنووسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسیی عیراق، کر لە رێکەوتی 27ی تشرینی دووەمی 2025 کە لەنێوان هەردوولا ئیمزاکراوە.
لە تەوەری سێیەمیشدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێی بڕیاردان لەسەر پێشنیازی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بە پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت، لە چوارچێوەی خەرجیی (النفقات الحاکمة) و چارەسەرکردنی پارەی کەڵەکەبووی پێشوو بۆ ساڵانی (2004-2022) گفتوگۆ دەکرێت.



