وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی یەکی راگەیاند
راهۆز
١٠ی شوباتی ٢٠٢٦
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و موچەخۆرانی راگەیاند، کە لە ماوەی چوار رۆژدا تەواو دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمیی وەزارەت، رۆژی چوارشەممە، 11-2-2026، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی یەکی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و رۆژی شەممە، 14-2-2026، کۆتایی بە دابەشکردنی موچە دێت.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی پارەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق دەکەوێتە بەیانی لە کاتی دەوامی رەسمیدا و دواتر گواستنەوەی پارەکە بۆ هەموو بانکەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کاتی دەوێت؛ داوا لە سەرجەم موچەخۆران دەکەن "لە دوای سەعات 1:00ی پاشنیوەڕۆوە" سەردانی بانکەکان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی موچەکانیان بەپێی خشتەی راگەیەندراو.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ بڕی زیاتر لە 931 ملیار دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی یەک لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە.



