وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی یەک خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی شوباتی 2026، بڕی 931.257.000.000 دینار بۆ موچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و موچەخۆران گەیشتوەتە هەرێم. بەڵام وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی فیدراڵ بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دیناری لە کۆی تەمویلی موچە نەناردووە.

وەزارەتی دارایی رایدەگەیەنێت: "ئەمە لە چوارچێوەی ئەو سیاسەت و بیانوانەدایە کە حکومەتی فیدراڵ مانگانە دژی هەرێمی کوردستان و بۆ پرسی موچە پەیڕەوی دەکات."

وەزارەتی دارایی روونیکردەوە، ئەو بڕە پارەیەی کە بەغداد نەناردووە، بریتییە لە شایستەی چەند مانگی رابردووی زیاتر لە 8 هەزار خانەنشینی سەربازی و شارستانی. ئەو خانەنشینانە ساڵی رابردوو خانەنشین کراون و لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، دوای پەسەندکردنی دۆسیەکانیان، جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە ناو لیستی موچە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو خانەنشینانە پێویست بوو چەند موچەیەکی مانگەکانی رابردوو پێکەوە وەربگرن، بەڵام بەغداد تەنیا موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی بۆ ناردوون و شایستەکانی دیکەی بڕیوە."

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم دووپاتی کردەوە کە تیمەکانیان لەسەر هێڵن و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق لە پەیوەندیی بەردەوامدان تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و ئەو شایستە داراییانە لە نزیکترین کاتدا بۆ خانەنشینان خەرج بکرێنەوە.