بەمەبەستی پیرۆزبایی بەدەستهێنانی پەسەندنامەی کۆمیسیۆنی باوەڕپێکراوی ئەمریکی نێودەوڵەتی AACI بۆ زنجیرە نەخۆشخانەکانی (هایکوالێتی-شاری پزیشکی ئەنوەرشێخە)، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، سەردانی شاری پزیشکی ئەنوەرشێخەی کرد لە سلێمانی.

لەو سەردانەیدا کە سارا لەتیف رەشید سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و وەفدێکی رێکخراوەکە هاوڕێیەتیان دەکرد، خانمی یەکەمی عیراق پیرۆزبایی بەدەستهێنانی ئەو پەسەندنامەیەی لە شێخ فاخیر شێخ تەیب بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان و ستافی پزیشکانی نەخۆشخانەکە کرد و بەدەستکەوتێکی گرنگی ناساند بۆ سلێمانی بەتایبەت کە وەک یەکەمین نەخۆشخانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان چۆتە رێزی نەخۆشخانە نێودەوڵەتیەکانەوە.

لەدیدارەکەدا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان باسی لەو رۆڵە نیشتمانیی و مرۆییە کرد کە نەخۆشخانەکە دەیبینێت وەک ناوەند و هەنگاوێکی کرداری بۆ خزمەتی خەڵک و کۆمەڵگە، لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەچارەخوازانی شارەکە و هەرێمی کوردستان و ئەوانەش کەلەشارەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە رووی تێ دەکەن، لەگەڵ هێنانی ستافی پزیشکی و تەندروستی و دەرمان و چارەسەری کوالێتی بەرز تا هیچ هاوڵاتیەک ناچار نەبێ بۆ چارەسەر و نەشتەرگەری رووبکاتە وڵاتانی دەرەوە.

لەبەرانبەردا خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سوپاسی دڵسۆزیی و ئەمەکداری و خەمخۆریی پزیشکانی شاری پزیشکی ئەنوەرشێخەی کرد لەبەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بەتایبەت کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیان و سەلامەتی و تەندروستی تاکەکانی کۆمەڵەوە هەیە.

لەبارەی ئەو ئاسانکاریی و هەوڵە هاوبەشە خێرخوازییەی نەخۆشخانەکانی (هایکوالێتی-شاری پزیشکی ئەنوەرشێخە) لەگەڵ رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان خستویانەتە گەڕ بۆ بەهاناوەچوون و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکانی دڵی منداڵان، سارا لەتیف رەشید سوپاسی ستافی نەخۆشخانەکەی کرد و راشیگەیاند ئەم هەوڵە هاوبەشە دەکەینە توێژینەوەیەکی زانستی تا وەک بەڵگەی بەرزیی ئاستی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان بە منداڵان تۆماربکرێت و لەکۆنفرانسەکانی ئایندەدا بخرێتەڕوو و نازناوی زیاتری جیهانی مسۆگەر بکات.