كاكەڕەش سدیق: لە 2010ەوە قۆناغێكی تری قەرەبووكردنەوەمان رەوانەی بەغداد كردووە و وەڵام نەدراوینەتەوە
١٠ی شوباتی ٢٠٢٦
لێپرسراوی نوسینگەی كەركوكی مادەی 140 دەڵێت، لە 2010وە قۆناغێكی تری قەرەبووكردنەوەیان رەوانەی بەغداد كردووە، بەڵام ئێستا داوا دەكەن میكانیزمەكە بگۆڕدرێت و جارێكی تر مامەڵەی هاووڵاتییان وەربگیرێتەوە.
كاكەڕەش سدیق لێپرسراوی نوسینگەی كەركوكی مادەی 140 لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2010ەوە قۆناغی 32ی قەرەبووكردنەوەیان رەوانەی بەغداد كردووە، بۆئەوەی چەكی پارەیان بۆ بكرێت، بەڵام تائێَستا وەڵام نەدراونەتەوە، دیوانی چاودێری دارایش داوا دەكات میكانیزمی قەرەبووكردنەوەكە بگۆڕدرێت، لە ئێستاشدا ئەو هاووڵاتییانە جارێكی تر مامەڵەیان بۆ دەكرێتەوە و رەوانەی بەغدادی دەكەنەوە.
وتیشی، قۆناغی 33 و 34یش لە ساڵی 2011ەوە رەوانەی بەغداد كراوە، بەڵام تائێستا چەكی قەرەبووكردنەوە بۆ كەس نەكراوە.
جەختی لەوەشكردەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا، قەرەبووكردنەوەی ماددەی 140 و چارەسەركردنی كێشەی زەوی هیچ هەنگاوێك نەچووەتە پێشەوە.



