قوباد تاڵەبانی: یانەی وەرزشیی سلێمانی جێگەی شانازیی سلێمانی و کوردستانە
محەمەد رزگار
٩ی شوباتی ٢٠٢٦
سەرۆکی یانەی وەرزشیی سلێمانی دەڵێت: ئامانجمان ئەوەیە بە هاوکاریی ستافی بەڕێوەبەری یانەکە و هاندەران و جەماوەری خۆشەویست، قۆناغێکی نوێی پڕ لە دەستکەوت و شانازی بۆ یانەی سلێمانی تۆمار بکەین.
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی یانەی وەرزشیی سلێمانی رایگەیاند، یانەی وەرزشیی سلێمانی بە مێژوویەکی 70 ساڵەوە جێی شانازیی شاری سلێمانی و وەرزشی کوردستانە و تێکەڵ بە بیرەوەری چەندین نەوەی دانیشتووی ئەم شارە بووە.
وتیشی، بە شانازییەوە پۆستی سەرۆکی یانەکەم قبوڵ کرد و ئامانجمان ئەوەیە بە هاوکاریی ستافی بەڕێوەبەری یانەکە و هاندەران و جەماوەری خۆشەویست، قۆناغێکی نوێی پڕ لە دەستکەوت و شانازی بۆ یانەی سلێمانی تۆمار بکەین بە جۆرێک کە لە ئاستی ئەو پێگە مێژووییەی یانەی سلێمانی و شارە حەیاتەکەدا بێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، پلانمان هەیە قۆناغ بە قۆناغ یانەکە پێش بخەین تا ئەوە کاتەی بە نازناوەکان شاد دەبێتەوە و دەبێتە ناوێکی دیار و شکۆدار لە گۆڕەپانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.



