وەزارەتی کارەبای هەرێم دەڵێت: هیوادارن هاوبەشانی کارەبا بەپێی پێویست کارەبا بەکاربهێنن تا نەبێتە بارگرانی لەسەریان.

وەزارەتی کارەبای هەرێم روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە نرخی کارەبا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکەنەوە نرخی کارەبا هەمان نرخە کە بە رێگەی یاسایی پەسەندکراوە و لە وەقائعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نرخەکان دیاریکراوە بۆ یەک مانگ هەژمار دەکرێت، هاوکات پێدانی كرێی کارەبا بە ڕێگەی ئۆنلاین  هەنگاوێکی شارستانی و پێشکەوتوو و شەفافە، هەروەها ئاسانکاریشە بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەی بتوانن بە بێ سەردانیکردنی فەرمانگەکانی کارەبا کرێی کارەباکەیان بدەن.

سەبارەت بەکرێی کارەباش لە مانگی یەک  وەزارەتی کارەبا رایگەیاندوو، بەهۆی شەپۆلی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما زۆرێک لە هاوبەشان بڕی کارەبای زیادیان بەکارهێناوە، بۆیە لە مانگی یەک کرێی کارەبا زیاتر بۆیان هاتوەتەوە، ئەگەر هەر گرفتێکیش بۆ هەر هاوبەشێک دروست بووبێت، ئەوا لە فەرمانگەکانی فرۆشتنی کارەبا، تیمی تایبەت  چارەسەری گرفتەکە دەکەن.

وەزارەتی کارەبا ئومێدەوارە هاوبەشانی کارەبا بەپێی پێویست کارەبا بەکار بهێنن تا نەبێتە بارگرانی لەسەریان.