پاش بەدواداچوونی هەواڵگری ورد، هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر بە هاوبەشی دەزگای دژەتیرۆری عیراق، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەی ئەبوو غرێب سەر بە پارێزگای بەغداد ئەنجامدا و تیرۆرستێکیان دەستگیرکرد.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا توانرا تیرۆرست ( ع-م-خ ) داواکراو بە مادەی 4ـی تیرۆر لە لایەن دادگای لێکۆڵێنەوەی بەغدادەوە دەستگیربکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوانبار ئەندامی بەناو رێکخراوی تیرۆرستی داعشە بە پلەی سەربازی (جەنگاوەر) لە ولایەتی ئەنبار لە کەرتی رۆژئاوای جەزیرە بەشداری چەندین کردەوەی تیرۆرستی کردووە بە هێرشکردنە سەرهێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی شارەکە.

دژەتیرۆر راشیگەیاند، پاش ئازاد کردنی پارێزگای ئەنبار لە ساڵی 2015 لە لایەن سوپای عیراقەوە تیرۆرستی ناوبراو لەگەڵ چەکدارە هەڵهاتووەکانی ئەو کاتەی بەناو رێکخراوی داعش هەڵهاتووە بۆ وڵاتی سوریا، پاش مانەوەی لە وڵاتی سوریا کە بەردەوام بووە لە کردەوە تیرۆرستییەکانی دواتر بە رێگەی نایاسایی دەگەڕێتەوە بۆ عیراق، لە سنوری هەر دوو پارێزگای ئەنبار و بەغداد دەست بەکاری تیرۆرستی دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، لە شەوی 26/1/2026 لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر و دەزگای دژەتیرۆری عیراق، توانرا تیرۆرستی ناو براو لە ناوچەی ئەبووغرێب دەستگیر بکرێت و پاش دەستگیرکردنی، دەستبەجێ رادەستی یاساکرا بەمەبەستی سزادانی.