بەشێکی تری هاوکاریەکانی کەمپینی "یەک دەنگ بۆ رۆژئاڤا" گەیشتنە روژئاوای کوردستان
بڵند
٨ی شوباتی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە دەروازەی سمێلکاوە، چوار بارهەڵگر، کە هەموویان دەرمان و پێداویستی پزیشکیان تێدابوو و زیاتر لە 30 تۆن بوون، گەیشتنە رۆژئاوای کوردستان و پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەشێک لەو پێداویستیانە دەگەیەنرێتە شاری کۆبانێ.
دارا بەرەکات، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، پێداویستییە پزیشکییەکان رادەستی مانگی سوری کوردی کراوە، تا دابەشبکرێت بەسەر نەخۆشخانە و کەمپەکاندا کە لە ئێستادا لە رەوشێکی خراپی تەندروستیدان.
خەلەف عەبدولباری، لێپرسراوی لقی قامیشلۆی رێکخراوی منداڵپاریزی کوردستانیش، بە کوردسات نویزی راگەیاند، ئەو پێداویستیانەی ئەمڕۆ گەیشتنە رۆژئاوای کوردستان، بڕەکەیان زیاتر لە 30 تۆنە و هەوڵدەدەن بەشێکیان بەگەیەندرێتە شاری کۆبانێ، کە لەئێستادا لەژێر گەمارۆی دیمەشقدایە و رەوشی مرۆی لەو شارە زۆر خراپە.
کەمپینی"یەک دەنگ بۆ رۆژئاڤا"بە هاوبەشی دەزگای میدیایی کوردسات و رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و چەند رێکخراوێکی تر راگەیەندرا بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستی بۆ کوردانی رۆژئاوا.



