روانگەی سوری: بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە رۆژانە 500 حاڵەتی ژەهراوی بون لە کۆبانێ تۆمار دەکرێت
بڵند
٨ی شوباتی ٢٠٢٦
روانگەی سوری بڵاویکردوەتەوە، تا ئێستا بەهۆی هەڵنەگرتنی گەمارۆکانی دیمەشق لەسەر کۆبانێ، شارەکە روبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی و تەندروستی مەترسیدار بووەتەوە، کە تێیدا لێشاوی دەیان هەزار ئاوارە لە گوندەکانی دەوروبەر و شارەکانی رەققە و تەبقا گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ژێرخانی شارەکە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردوەتەوە، کەرتی تەندروستی بەهۆی نەمانی سوتەمەنی و دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە رەوشێکی تەواو خراپ و مەترسیداردایە، بە جۆرێک رۆژانە زیاتر لە 500حاڵەتی ژەهراوی بوون بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس تۆمار دەکرێن.
هاوکات مەترسییەکی جدیش لەسەر ئاسایشی خۆراک هەیە بەهۆی ئەگەری وەستانی فڕنەکان و نەمانی شیری منداڵان، ئەمەش دۆخی شارەکەی گەیاندووەتە ئاستێک، کە توانای لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی نەماوە و هۆشداری لە تەقینەوەی رەوشەکە دەدرێت.



