پۆلیسی راپەڕین: دوو منداڵی دوانە بەهۆی دووکەڵەوە خنکان
محەمەد رزگار
٧ی شوباتی ٢٠٢٦
پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوو منداڵی دوانە بەهۆی دووکەڵەوە خنکاون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەعات شەشی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دوو منداڵ بە ناوەکانی 'مەیلی مەریوان محەمەد' لە رەگەزی مێ و 'میر مەریوان محەمەد' لە رەگەزی نێر، کە دوانەن و تەمەنیان شەش ساڵانە لە گەڕەکی تیتۆکە گیانیان لەدەستدا.
ئەوەشی خستەڕوو، بە وتەی کەسوکاریان شەوی رابردوو لە ژووری منداڵەکان هیتەری کارەبا ئیشی کردووە و فەرشی ژێر هیتەرەکە گەرم بووە، ئەمەش بووەتە هۆی دەرکردنی بۆن و دووکەڵ لە ژوورەکەدا و بەهۆیەوە هەردوو منداڵەکە بە دووکەڵی فەرشەکە خنکاون.
راشیگەیاند، تەرمی ناوبراوان دوای ئەنجامدانی پشکنینی توێکاری لە پزیشکی دادوەری رانیە رادەستی کەسوکاری کرایەوە.
پۆلیسی راپەڕین، ئاگاداری هاووڵاتیانی سنورەکە دەکاتەوە شەوان لە کاتی خەوتندا ئامێرە کارەباییەکان بکوژێنەوە تا بە دووربن لەجۆرە روداوانە.



