بافڵ تاڵەبانی: یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هەمیشە بەشێک بوون لە چارەسەر
٦ی شوباتی ٢٠٢٦
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وەک هێزێکی میانڕەو، هەمیشە بەشێک بوون لە چارەسەر و پاراستنی تەبایی و برایەتی لە هەرێمەکەماندا.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...
بەڕێز مامۆستا سهڵاحهدین محەمەد بههائهدین، ئەمینداری گشتیی یهكگرتووی ئیسلامی كوردستان
بەڕێزانمان لە سەرکردایەتی و برایان و خوشکانمان لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.
سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت
لەیادی سی و دووهەمین ساڵەی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
لەم رۆژەدا بەڕێزو پێزانینەوە لە رۆڵی جەنابتان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڕوانین، وەک هێزێکی میانڕەو کە هەمیشە بەشێک بوون لە چارەسەر و پاراستنی تەبایی و برایەتی لە هەرێمەکەماندا.
لەم بۆنەیەدا دووپات لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاریکاری زیاتر لەنێوانمان دەکەینەوە لە پێناو کارکردنمان بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و بنیادنانی حکومڕانییەکی دادپەروەر و خزمەتگوزار.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



