قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای ئابوری ئەڵمانیا کۆبووەوە
٥ی شوباتی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای ئابووری ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی دۆرسییا شوتز، بەڕێوەبەری دیسکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری ئەفریقیا لە وەزارەتی ئابووری و وزەی ئەو وڵاتە و پێکەوە گفتوگۆیان کرد لەبارەی پرسی گەشەپێدانی ئابووری لە کوردستان و چۆنییەتی کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەرانی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە بە ئامادەبوونی ئەلبرێخت ڤۆن ڤیتکا، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، باس لە ژێرخانی ئابوری کوردستان و چاکسازییە ئابوورییەکان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێم کرا.
لە کۆبونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون دەرفەتی زۆر گەورە هەیە بۆ بەشداریکردنی وەبەرهێنەرانی ئەڵمانی لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری کوردستان و بە پێویست زانرا کاری هاوبەش بکرێت بۆ ئەوەی ئاستی بەشداریی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانی لە گەشەپێدانی کوردستان زیاتر بکرێت.
لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و رایگەیاند؛ حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو جۆرە کارئاسانی و هاوکارییەک پێشکەشی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانی بکات.



