هاتوچۆی گەرمیان: رێگەی تەنگی سەرتەک مەترسیدارە و شۆفێران وریابن
راهۆز
٥ی شوباتی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان ئاگادارییەکی بەپەلە ئاڕاستەی شۆفێران دەکات و رایدەگەیەنێت، بەشێکی رێگەی تەنگی سەرتەک رۆچووە و هاتوچۆکردن تێیدا مەترسیدارە.
لە راگەیەندراوێکی هاتوچۆی گەرمیاندا هاتووە، رێگەی سەیرانگای سەرتەک (تەنگی سەرتەک) بەهۆی رۆچوونی بەشێکی زەوییەکەوە زیانی پێگەیشتووە؛ ئەمەش مەترسیی بۆ شۆفێران دروست کردووە، بەتایبەتی بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان.
راگەیاندنی هاتوچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کردووە، کارمەندانی هاتوچۆی مەیدان گەیشتوونەتە شوێنەکە و بەربەستیان بۆ ئەو بەشە زیانلێکەوتووەی رێگەکە داناوە.
هاتوچۆ داوا لە شۆفێران دەکات تا ئەو کاتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگەکە چاک دەکەنەوە، بەوپەڕی وریاییەوە هاتوچۆ بکەن و پابەندی رێنماییەکان بن، تاوەکو گیان و سامانیان لە هەر روداوێکی هاتوچۆ پارێزراو بێت.



