کەشناسی: شەپۆلێکی باران و بەفر روو لە هەرێمی کوردستان دەکات
راهۆز
٥ی شوباتی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 سەعاتی داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە لە درەنگانی شەوی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر ناوچەکە دەگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5-2-2026، ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە. خێرایی با لە نێوان 5 بۆ 15 کم/س دەبێت و مەودای بینینیش 7 بۆ 9 کم دەبێت.
بۆ سبەینێ هەینی، 6-2-2026، ئاسمان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. بەپێی راگەیەندراوەکە، بەهۆی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکی باکووری دەریای ناوەڕاست، لە سەعاتەکانی درەنگانی شەودا نمە باران و بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی رۆژهەڵات و پارێزگای سلێمانی دەست پێ دەکات، پاشان لە رۆژی شەممەدا کاریگەرییەکەی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی داباریندا مەودای بینین بۆ 4 تا 6 کم کەم دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 15
سلێمانی: 11
دهۆک: 13
کەرکوک: 17
هەڵەبجە: 14
زاخۆ: 14
گەرمیان: 16
سۆران: 8
پیرمام: 11
چەمچەماڵ: 13
حاجی ئۆمەران: 1



