پۆلیسی ئاکرێ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە بڕی 51 ملیۆن دینار و بڕێک زێڕ و دۆلاری لە سنوری ناحیەی دینارتە دزیبوو.

عیماد حوسێن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ بە  کوردسات نیوزی راگەیاند: دوای ئەوەی رۆژی رابردوو هاووڵاتییەک لە سنوری ناحیەی دینارتە سەردانی بنکەی پۆلیسی کرد و سکاڵای تۆمارکرد، کە بڕێکی زۆر پارە و زێڕ لە ماڵەکەیدا دزراوە، دەستبەجێ تیمەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، پاش بەدواداچوونی ورد، ئەمڕۆ توانرا تۆمەتبارەکە لەناو شاری ئاکرێ دەستگیربکرێت و دەستبگیرێت بەسەر ئەو کەلوپەلانەی دزیبوونی، کە پێکهاتبوون لە 51 ملیۆن دیناری عیراقی و 600  دۆلاری ئەمریکی و سێ پارچە زێڕ.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ وتیشی: تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.