نورەدین ئەحمەد وەك پارێزگاری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان دیاریكرا و لە رێوڕەسمێكیشدا بە رەسمی لە پۆستەكەی دەستبەكاربوو.

لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" و حكومەتی كاتی سوریا، ئێوارەی ئەمڕۆ نورەدین ئەحمەد، ناسراو بە (ئەبو عومەر خانیكا) وەك پارێزگاری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان دیاریكرا و بەڕەسمی لە پۆستەكەی دەستبەكاربوو.

نورەدین ئەحمەد پارێزگاری حەسەكە لە ساڵی 1969 لە شاری قامیشلۆ لەدایكبووە، هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمە لە ئەندازیاریی میكانیك و كارەبا لە زانكۆی دیمەشق. لە ساڵی 1993 تا 2012 وەك ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندن لە حەسەكە و قامیشلۆ كاریكردووە، دواتر بەهۆی بەشداریكردنی لە ناڕەزاییەكان دژی رژێمی بەعس لە كارەكەی دەركراوە.

دواتر ناوبراو لە چوارچێوەی ئەنجومەنە خۆبەڕێوەبردنەکاندا کاری کردووە و چالاک بووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و لە سەرەتای ساڵی 2014وە وەک ئەفسەری پەیوەندییە گشتیەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کاری کردووە و ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە.

رۆژی 30 مانگی رابردوو، هەسەدە و دیمەشق، رێکەوتنێکی ئاگربەستیان ئەنجامدا بۆ یەکخستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هەسەدە کاندیدی بۆ پۆستەکانی پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری و چەند پۆستێکی تر کە  کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراون دەبێت.