بۆردی راگەیاندنی یەکێتی: نیگەرانین لەداخستنی نوسینگەكانی NRT لەهەولێر و دهۆك
٤ی شوباتی ٢٠٢٦
بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نیگەرانی خۆیی بەرانبەر داخستنی نوسینگەكانی كەناڵی NRT لەهەولێر و دهۆك دەردەبڕێت و ئاماژە بەوەدەکات: ئەم هەنگاوە جێگەی نیگەرانییە و كاریگەریی نەرێنێ لەسەر ناوبانگی هەرێم جێدەهێڵێت و دەبێتە هۆی زیاتر بەرتەسككردنی ئازادی رادەربڕین و میدیایی.
دەقی پەیامەكە:
بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نیگەرانی خۆی بەرامبەر داخستنی نووسینگەكانی كەناڵی NRT لەهەولێرو دهۆك دەردەبڕێت .
بەداخەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیریی و بەبڕیارێكی ئەمنی و حزبی لەهەولێر و دهۆك نووسینگەكانی كەناڵی NRT دادەخرێن، ئەم هەنگاوە جێگەی نیگەرانییە و كاریگەریی نەرێنێ لەسەر ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان جێدەهێڵێت و روبەڕووی رەخنەی زۆر دەبێتەوە، بەتایبەت كە تەنها چەند رۆژێكە وەزارەتی رۆشنبیریی سوپاسنامەی پێشكەش بەسەرجەم میدیاكانی كوردستان لەپای سەنگینیان لە روماڵی هەواڵ و رووداوەكانی رۆژئاڤای كوردستان كردووە، هەروەك دەبێتە هۆی زیاتر بەرتەسككردنی ئازادی رادەربڕین و ئازادی میدیایی لە وڵاتەكەمان، بۆیە وەكو بۆردی راگەیاندنی یەكێتی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەولێرو دهۆك دەكەین دەرفەت بە هەردوو نوسینگەی NRT بدەن كە جارێكی دیكە بتوانن ئازادانە كارە میدیاییەكانی خۆیان لەو دوو پارێزگایە جێبەجێ بكەن .



