د. یاد نەقشبەندی: لە ساڵی نوێدا 285 حاڵەتی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراوە
بڵند
٤ی شوباتی ٢٠٢٦
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ساڵی نوێدا لە نەخۆشخانەی هیوا 478 کۆدی نوێی نەخۆش تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 285 حاڵەتیان توشبوی شێرپەنجەن و لە 20٪ی توشبوەکان دانیشتووی پارێزگاکانی تری هەرێم و عیراقن.
د. یاد نەقشبەندی، راشیگەیاند، تا ئێستا حکومەت وەک پێویست بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتووە و پێویستییەکانیان بۆ دابین نەکراوە.
داواشی لە حکومەتی هەرێم کرد بە زوترین کات بەردی بناغەی نەخۆشخانەی هیوای گەورە دابنرێت و دەست بکرێت بە پرۆسەی دروستکرنی ئەم نەخۆشخانە، کە زەوییەکەی ئامادەیە و لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی بۆیان دابینکراوە، تاوەکو باشتر بتوانن خزمەتی توشبوانی شێرپەنجە بکەن.
ناوبراو ئاماژی بەوەشکرد، جگە لە نەخۆشخانەی هیوای گەورە، رەزامەندیان بۆ هاتوەتەوە بە دروستکردنی سەنتەرێکی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە و ئەگەر ئەوە دروست بکرێت بە دڵنیاییەوە ژمارەی چاکبوانی توشبوی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەیان زۆر زیاتر دەبێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، داتاکانی نەخۆشانی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی ترسناک نین و هیوادارن حکومەتی هەرێی چارەسەری پێویست بۆ توشبوانی شێرپەنجە دابین بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی 2025 دا سێ هەزار و 145 حاڵەتی نوێ بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمار كراوە.



