لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 2 ملیار دۆلار سەرمایەی وەبەرهێنان هاتوەتە سلێمانی
راهۆز
٣ی شوباتی ٢٠٢٦
دکتۆر یوسف گۆران ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە میانەی لێکۆڵینەوەیەکدا دەربارەی گەشەسەندنی ئابوریی هەرێمی کوردستان و عیراق لە 10 ساڵی کۆتاییدا، چەند داتایەکی دڵخۆشکەری لەسەر ئاستی وەبەرهێنان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئەو داتایانەی دکتۆر یوسف گۆران ئاماژەی پێکردوون، لە ساڵی 2025دا بڕی 2.028.960.487 دۆلار سەرمایە وەک وەبەرهێنان هاتوەتە سنوری پارێزگای سلێمانی؛ ئەم سەرمایەیە لە 55 پڕۆژەی هەمەجۆردا بونیات نراوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە بەراوردکردنی ئەم ژمارانە لەگەڵ 10 ساڵی پێشوی وەبەرهێنان، جیاوازییەکی زۆر و بەرچاو نیشان دەدات.
لە ناو پڕۆژە نوێیەکاندا، کەرتی پیشەسازی بایەخێکی زۆری پێدراوە و بڕی 752 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە. ئەم گەشەسەندنە گەورەیە لە بڕی وەبەرهێنان و راکێشانی سەرمایە، بوەتە هۆی رەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ هاووڵاتییان.
دکتۆر یوسف گۆران جەخت دەکاتەوە کە راکێشانی سەرمایە و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان، "سیاسەتێکی نیشتمانییە" و رۆڵی سەرەکی لە گەشەسەندنی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا دەبینێت. راشیگەیاندووە کە پێویستە ئەم هەنگاوانە پاڵپشتی لێ بکرێت و بکرێتە ئاراستەیەکی بەردەوام بۆ خزمەتکردنی زیاتری کوردستان و خەڵکەکەی.



